پێشەکیی مامۆستا ئەحمەد قازی

لە کتێبی:
فەرهەنگی ژیان
بەرهەمی:
ئەحمەد قازی
 3 خولەک  236 بینین

لە دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا کە هەردەم پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێ و ڕەنگ و ڕوخساری تازەتر بە خۆیەوە دەگرێ، بمانەوێ و نەمانەوێ کاریگەری لە سەر ئێمەش دەبێ. ئەگەر بمانەوێ بمێنین و دەژێرپێدا نەچین پێویسته خۆمان بۆ سازگاربوون دەگەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی دنیا ئاماده بکەین. ئەوەش لە ڕێگای سەرخستنی پلەی زانیاری و دەستخستنی شارەزایی بە سەر ئامرازه نوێباوەکانی وەک کامپیوتەر و ئینتەرنێت و دنیای مەجازیدا و زانین و کەلک وەرگرتن لە زبانه زیندووەکانی دنیا و قووڵ بوونەوە دە مەعریفەکاندا، دەست دەدا.

هەر وەک هەموومان دەزانین زبان گەورەترین و گرینگترین کەرەسەی ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕ وزانست و شارستانەتی دێتە ئەژمار. زبان پاپۆڕی گوازتنەوەی زانست و تەکنۆلوژیا و مەعریفە و فەلسەفە و بەرهەمە هزرییەکانی ئینسانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. بێ زانینی زبانی بیانی و ئاگاداری لە پێشکەوتنەکانی گەلانی دوور و نزیکی دنیا، مەحاڵە بتوانین پێ به پێی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو پێش بچین. لێرەدا دەبێ قەدری وەرگێڕ و وەرگێڕان بزانین و ئەو ڕاستییە بسەلمێنین کە ئەرکی وەرگێڕ کردنەوەی کاناڵێکه بەرەو دەریای زانست و فەلسەفەی هونەر و تەکنۆلۆژیا و ئەگەر گرینگی و بایەخی پێویستی پێ بدرێ و ئاسانکاری بۆ بکرێ زۆر زوو دەبێتە مایەی سەرکەوتن و گەشە کردنی شارستانیەت لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا.

کەرەسەی هەرە گرینگی وەرگێڕان لە هەر زبانێکەوە بۆ سەر زبانێکی دیکە فەرهەنگی واژە و زاراوەکانی هەر دووک زبانە، کە وەرگێڕ کەلکیان لێ وەردەگرێ. وەرگێڕ هەر ئەندازە پسپۆڕ بێ و بەسەر ئەو زبانەدا زاڵ بێ کە کاریان پێدەکا، دیسانیش بێ واژەنامە و فەرهەنگی متمانەپێکراو کاری لەنگە و لە زۆر بواردا تووشی وەستان و داماوی دەبێ. کەوابوو لە بەردەستدا بوونی فەرهەنگ بە باڕستای بوونی چەکی پێشکەوتوو لە دەست خەباتکاری شەڕواندا گرینگە و دابین کردنی فەرهەنگی موعتەبەر وەک ئەرکی پێویست دەکەوێتە سەرشانی زانایان و بەرپرسانی وڵات.

ئەو ڕۆژانە چاوم بە فەرهەنگی ئینگلیسی/کوردی/فارسی کاک عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا زاده کەوت کە زۆری زەحمەت لەسەر کێشراوە و دەتوانێ وەک سەرچاوە و فەرهەنگێکی باش بۆ کاری وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە بۆ کوردی کەلکی لێ وەربگیرێ. کاری نووسینی فەرهەنگ کارێکی قورس و گرانە و بێگومان وەها بەرهەمێک کات و زەمانی دوور و درێژی پێویست بووە و ڕەنج و زەحمەتی زۆری خستووتە سەرشانی نووسەر. هیوادارم بەمزوانە لە چاپ بدرێ و بگاتە دەست زبانزانان و کتێبخانەی کوردی پێ بڕازێتەوە.